هێندە نزیک کە پێویست نەکات درێژی و پانی سنوورەکانی بۆ ببەزێنی تا بگەیتە ئیجە و مانش. نزیکتر لەوەی چەک بکەیتە شان و بەرۆکت بکەیتە قەڵغان بۆ فیشەکی دوژمن. بگرە نزیکتریش لە هەژاری. مردن نزیکە و شێرکۆش بە دەیان قەسیدەی تری بنووسیبایە کە خێراکە، خێراکە، خێراکە! تۆ هەر پێی ناگەیت و دواجار مردن دەگات.
مردن نزیکە و مەوداکەی، مەودای نێوان نەوت و چەخماخ و جەستەی شنیارە، مەودای نێوان خەنجەر و ملی مۆنای حەڤدە ساڵان، مەودای نێوان پەنجە و پەلەپیتکەی چەک و دوا هەناسەکانی ماریا. مەودای نێوان ئێمە و گۆڕستانی سەیوان!
مردن نزیکە و تۆ هەر ڕۆژ لە بیلبیلەی نزیکترین ڕوخسارەکانی دەورتدا دەیبینی، لە تەواوی ئەو زارانەدا کە دەبێ و نابێکان کاوێژ دەکەنەوە، لە قەفی سمێڵ و لە مێزەری ئایین و لە لۆچی پارە و سەرمایە و لە چوارچێوەی پیرۆزی بنەماڵە و خێڵ و کۆمەڵگادا...
مردن نزیکە، نزیکتر لە خودی خۆی، کاتێک سێبەری شوومی بە ژنبوونتەوە دووراوە، کە هەر ڕۆژ تەنگت پێ هەڵدەچنێ و دنیاکەت بچووک دەکاتەوە و دەست لە قوڕگت دەنێ و هێڵت بۆ دەکێشێ و تەواوی ژیانت، بوونت، ژن بوون و مرۆڤ بوونت لێ دەستێنێتەوە.
مردن نزیکتریشە!
لە فیشەکی کەڵەپیاو و قارەمانی شاخیش نزیکتر کە یەکەمین پڕۆژە نیشتمانییەکەی لیستی تیرۆری ژنان بوو. لەناو درووشمی پڕ باق و بریق و درۆی ناو گیرفانی چالاکیی ژنانی چاولەدەستی حیزب و دەوڵەت، لە پیرۆزیی ئاڵا و لە مێژووی پڕ شانازی ڕەنگکراو بە ڕۆمانتیسیزمی قارەمانانەی پیاوانەتاندا، لەناو قاقا و گاڵتەجاڕە قێزەونەکانتاندا، تەنانەت لە بێدەنگیتاندا بەرامبەر ئەم مردنانە...مردنێک سێرەی گرتووە.
مردن نزیکە و ماریاکان ئەوەیان دەزانی و کۆڵیان نەدا، کۆڵ نادەن!
هەشتی مارس نزیکە و ئەم شەڕە بەردەوام...
لاوێن ئەمانی
کولبر نیوز
kolbarnews
کارگرنیوز
Karegarnews
https://t.me/kargarnews1
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر